بایدن ژنێکی کورد بۆ پۆستی باڵیۆزی ئەمریکا لە میسر دەستنیشان دەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، هێرۆ مستەفای بەربژێرکردووە بۆ پۆستی باڵیۆزی ئەمریکا لە میسر.
هێرۆ مستەفا لە ویلایەتی داکۆتای باکوور گەورە بووە و لەپاڵ کوردی و ئینگلیزی، زمانەکانی عەرەبی، فارسی، تورکی، یۆنانی، پۆرتوگالی و ئیسپانیش دەزانێت، لە ساڵی 1973 لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لەدایکبووە، ساڵی 1976 خێزانەکەی بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ دەسەڵاتی پێشووی عێراق، ناچاربوون کۆچ بکەن بۆ ئەمریکا.
کۆشکی سپی دەڵێت، هێرۆ مستەفا دیپلۆماتێکی “خاوەن ئەزموونە” و پێشتر لە تشرینی یەکەمی 2019 تاوەکو ئاداری 2023 باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە بولگاریا. پێش ئەوەش، هێرۆ مستەفا لە عێراق، پورتوگال، هیندستان، لوبنان و یۆنان لە پێگەی باڵای دیپلۆماسیی جیاجیادا کاری کردووە.
هێرۆ مستەفا لە زانکۆی جۆرج تاون بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری سیاسەتی دەرەوە و بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی پرنستن بەدەستهێناون، بەهۆی ئەو بەهرە زۆریەوە، خەڵاتی ماتیڵدا سینکلێری تایبەت بە زمانی پێدراوە.
ساڵی 2021 خانمە کوردەکە لەلایەن دامەزراوەی کارنگییەوە وەک یەکێک لە سەرکەوتووترین ئەو کەسانەی کۆچیان بۆ ئەمریکا کردووە، خەڵاتکراوە.
بەڵگەفیلمی “پاڵەوانەکانی ئەمریکا” کە لە ساڵی 2009 بەرهەمهێنراوە، باس لە ژیانی هێرۆ دەکات، کە چۆن بە منداڵی لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان کردووە بۆ ئەمریکا و پاش 30 ساڵ لە مانەوەی لەو وڵاتە، لەگەڵ کۆندەلیزا رایس، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەو وڵاتەدا کاری دیپلۆماسی کردووە.