پیرانی ئەمریکا پرۆژەیاسای “رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێز لە عێراق” هەڵوەشاندەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەنگدانی کۆتایی لەسەر پرۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی رێگه‌پێدانی “دەسەڵات بۆ بەکارهێنانی هێزی سه‌ربازیی لە عێراق ” ئه‌نجامدرا کە له‌ ساڵەکانی 1991 و 2022 توانای بەکارهێنانی هێز لە دژی عێراق درایە سەرۆکی ئەمریکا.

ئەنجامی دەنگدانەکە، بە 66 دەنگی بەڵێ بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێگەپێدانەکە و 30 دەنگی نەخێر کۆتایی هات.

ئەو سیناتۆرانەی کە پاڵپشتیی پرۆژە یاساکەیان دەکرد لە لێدوانێکیاندا به‌ر له‌ دەنگدانەکە ئاماژەیان بەوە کرد لە دوای تێپەڕبوونی 20 ساڵ بەسەر “رزگارکردنی” عێراقدا جیهان گۆڕاوە و جەختیان لەوە کردەوە کە ئیتر عێراق لە هاوبەشە گرنگەکانی ئەمریکایە.

سیناتۆرەکان، پلانی ئەوەیان دانابوو کە لە 20ی ئادار کە هاوکاتە لەگەڵ یادی 20 ساڵەی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق دەسەڵاتەکە هەڵوەشێننەوە، بەڵام بەهۆی دەنگدان لەسەر ئەوەی هەندێک ئەندام دەیانویست لە بری هەڵوەشاندنەوە دەسەڵاتەکە گۆڕانکاری لە ناوەڕۆکەکەیدا بکرێت، دەنگدانی کۆتایی کەوتە ئەمڕۆوە.

بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکان لاببرێت، دەبێت لە ئەنجوومەنی نوێنەران و لەلایەن سەرۆکی وڵات، جۆ بایدنەوە پەسەندبکرێت.

لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا دوو جار دەنگی بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتەکە داوە.

رێگه‌پێدانی “دەسەڵات بۆ بەکارهێنانی هێزی سه‌ربازیی لە عێراق” دوایین جار لە ساڵی 2020دا سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بۆ ئۆپەراسیۆنی کوشتنی قاسم سولەیمانی بەکاریهێنابوو.