دووشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ڕوسیا، ئێران، تورکیا و سوریا لە مۆسکۆ ئەنجام دەدرێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەپێی ئاژانسی سپۆتینگی رووسی، سەرچاوەیەکی ئاگاداری سوری، ڕایگەیاند، رۆژی دووشەممە جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی هەریەک لە وڵاتانی تورکیا و سوریا و ئێران و رووسیا لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە.

ئەو سەرچاوەیە گووتیشی، ئەیمەن سوسان، جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا دەکات کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.

دەزگای تاسی رووسی بڵاویکردووەتەوە کە رۆژی چوارشەممە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاندووە، کۆبوونەوەی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی ئەو چوار وڵاتە هەفتەی داهاتوو لە مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت.

عەبدوڵڵاهیان لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا رووسیەکەی سێرگی لاڤرۆڤ لە مۆسکۆ، رایگەیاند، کۆبونەوەکە لەسەر ئاستی هەریەک لە جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی رووسیا، تورکیا، ئێران و سوریا بەڕێوەدەچێت.

روونیشیکردەوە، کە ئامانجی کۆبوونەوەکە نزیکبوونەوەی تێڕوانینەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی سوریایە، کە هەوڵەکانی تاران و مۆسکۆ لەو بارەیەوە بەردەوامن.

عەبدوڵڵاهیان پێشبینی دەکات کە دەستبەجێ کۆبوونەوەی داهاتوو لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە ئەنجام بدرێت، ئەگەر هاتوو کۆبوونەوەی جێگرانی وەزیرانی دەرەوە لە هەفتەی داهاتوودا ئەنجامدرا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: فازیل محەمەد