بەهۆی تەقینەوەی مینی چێندراو لە ناوەڕاستی سوریا کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە

دێرەزوور – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، بەهۆی تەقینەوەی مینێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکەوە لە ڕۆژهەڵاتی شاری حومس لە ناوەڕاستی سوریا، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.

سەرچاوەیەک لە بنەماڵەی کۆژراوەکانەوە لە گوندەوارەکانی رۆژهەڵاتی حومس ڕایگەیاند، مینێکی چێندراو کە پێدەچێت لە لایەن داعشەوە بەجێمابێت، بە ئۆتۆمبیلێکەوە تەقیەوە کە کرێکارانی دەگواستەوە لەنزیک گوندی رود ئەلوەحش لە رۆژهەڵاتی حومس.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەو تەقینەوەیەوە، سێ ژن و کەسێکی دیکە گیانیان لەدەستداوە، چوار کەسی دیکەش برینداربوون، بەگوێرەی سەرچاوەیەکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی ناوچەکەوە، برینداران لە دۆخێکی ناجێگیردان بۆیە بۆ نەخۆشخانەیەکی مەیدانی ناوچەکە گواستراونەتەوە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە، دەیان کەس لە بیابانەکانی سوریا گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش لە ئەنجامی تەقینەوەی پاشماوەکانی جەنگ کە زۆربەیان لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە دانراون.

ڕۆژی 21ی ئادار لە شارۆچکەی تدمر لە ڕۆژهەڵاتی سوریا، مینێکی بەجێماوی ڕێکخراوی داعش تەقیەوە و بەو هۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا.

ئامادەکردنی: حاتەم بەشار – داڕشتنەوە: سەعەد یازچی