مۆسکۆ و تاران خۆیان بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی ستراتیژی درێژخایەن ئامادە کردووە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمرۆ چوارشەممە، 29ی ئازاری 2023، هەریەکە لە وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و ئێران، ئامادەکارییەکانی واژۆکردنی رێککەوتنێکی ستراتیژی درێژخایەنیان تاوتوێ کرد، جگە لە وتوێژەکانی دیکەی پەیوەست بە دۆسییەی ئەتۆمی ئێران و جەنگی ئۆکرانیا.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، هاوتا رووسییەکەی لە سەردانێکی فەرمی بۆ مۆسکۆ کۆبووەوە کە تایبەت بوو بە پەیوەندییە ئابووری و ئەمنییەکان.
عەبدوڵڵاهیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، پاش دیدارەکەیان رایگەیاند، لەگەڵ هاوتاکەی لاڤرۆڤ باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری، بازرگانی، ئەمنی و سەربازییەکان کردووە، ئامادەییشیان بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی درێژخایەنی نێوان مۆسکۆ و تاران کردووە.
لای خۆیەوە لاڤرۆڤ داوای لە هەموو لایەنەکان کرد پابەندی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە بن و بگەڕێنەوە بۆ جێبەجێکردنی، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنەکە بە شێوەیەکی تاکلایەنە.
گفتوگۆکانی ئەتۆمی لە ئەجێندای ئەمریکا نین، ئەوەی ئەمریکا چاوی لەسەرە خۆپێشاندانە نێوخۆییەکانی ئێران و هاوکارییە سەربازییەکانی ئێرانە بۆ رووسیا لە شەڕی ئۆکراینا.
بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکەش لەنێویاندا ئیسرائیل بۆچوونیان وایە، ئەم پەیوەندییەی نێوان رووسیا و ئێران مەترسیدارن بۆسەر ناوچەکە و دەبێت ئەمریکا بە جدیتر لەم پرسە بڕوانێت.
لە بارەی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی سعودییە و ئێرانیش، لاڤرۆڤ رایگەیاند، پێشوازی لە رێککەوتنی تاران و ریاز دەکات کە لە 10ی ئازاردا بە نێوەندگیری چین لە پەکین راگەیەندرا.
لە لایەکی دیکەوە وەزیری ئێران پێشوازی لە هەر پێشنیارێک کرد کە “ئاشتی بەدیبهێنێت” لە ئۆکرانیادا، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەدا کە پڕچەککردنی ئۆکرانیا لەلایەن رۆژئاواوە “دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات”.
عەبدوڵڵاهیان پێش گەیشتنی بە مۆسکۆ پێشبینی دەکرد مانگی داهاتوو رەشنووسی رێککەوتنی هەمەلایەنە سەبارەت بە هاوکاری ستراتیژی نێوان رووسیا و ئێران کۆتایی پێبهێنێت.
عەبدوڵڵاهیان گوتی: “دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە بێگومان پێش واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە لە هەنگاوەکانی کۆتاییداین.”
جگە لەوەش لاڤرۆڤ ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئازەربایجان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوانیان دەربڕی.