ئەنجومەنی شارۆچکەی حەڵەب: هێشتا زووە باس لە دروستکردنی ماڵی نوێ بۆ ئەو کەسانە بکرێت کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە

حەڵەب – نۆرس پرێس

ڕۆژی چوارشەممە، سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئەنجومەنی شارۆچکەی حەلەبەوە بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، کە هێشتا زووە باس لە دروستکردنی خانووی نوێ بۆ ئەو کەسانە بکرێت کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی مانگی رابردووەوە زیانیان بەرکەوتبوو.

ئەو سەرچاوەیە کە ئامادەنەبوو ناوی خۆی ئاشکرا بکات، گوتی: “ئەنجوومەنی شارەکە کارەکانی راگرتووە لە لابردنی داروپەردوو و کردنەوەی ڕێگاوبانەکانی ناو باڵەخانە نیشتەجێبووەکان کە بەهۆی نەبوونی میکانیزمی گونجاو کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەدا ڕووخاون”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بیرۆکەی دروستکردنی خانوو بۆ ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە لەپلاندایە کە “ڕەنگە ساڵانێکی زۆری پێبچێت”، ئێستاش ئەنجومەنەکە ئامێرێکی وەهای نییە بۆ لابردنی داروپەردوو و کردنەوەی شەقامە داخراوەکانی نێو گەڕەکە نیشتەجێبووەکان.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو کە بڕیاری کشانەوەی ئامێر و کەرەستە قورسەکانی حەشدی شەعبی لە شاری حەلەب وێرانەیەکی گەورەی جێهێشتووە کە پێویستی بە دەستوەردانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەیە بۆ پاککردنەوە و لابردنیان، چونکە ئەنجومەنی شارۆچکەی حەلەب، توانای ئەوەی نییە بەو کارە هەستێت.

ئەمە لەکاتێکدایە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، دوای پێنج هەفتە لە بومەلەرزەکەی 6ی شوباتی 2023، تیمە ئەندازیاری و پزیشکییەکانی حەشدی شەعبی شاری حەلەبیان جێهێشت.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرایکرد کە ئەنجومەنی شارەکە لە قۆناغەکانی پێشوودا بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتە گشتییەکان کاریان کردووە، لەوانەش کەرتەکانی بیناسازی سەربازی و خانووبەرەی سەربازی ژمارە 3، هەروەها گرێبەستی تایبەتی لەگەڵ ڕێکخراوی “UNDP” کردووە بۆ لابردنی داروپەردووەکان.

گوتیشی: ” ئامێرەکانی ئەنجوومەنی شارەکە سنووردارە بە کاری لابردنی زبڵ و خاشاک، ئەم ئامێرانە بۆ  لابردنی داروپەردوو خانووە رووخاوەکان ناگونجێت”.

ئێستا کەرتە گشتییەکانی شارەکە چاوەڕێی ئەنجامدانی گرێبەستی نوێن لەگەڵ کەرتەکانی ناوەندی تاوەکو ئامێری پێشکەوتوو و قورس بەکاربهێنن بۆ لابردنی داروپەردووەکان هەروەها بەدواداچوون بۆ ڕووخاندنی ئەو باڵەخانانە بکەن کە مەترسی لەسەر ژیانی دانیشتووان دروست دەکەن.