پنتاگۆن: هێشتا وەڵامی بریندارکردنی سەربازەکەمان نەداوەتەوە لە سوریا

دیمەشق- نۆرس پرێس

شەوی سێشەممە، لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، هێشتا وەڵامی برینداربوونی سەربازە ئەمریکییەکەیان نەداوەتەوە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێراندا بۆ سەر هێزەکانیان لە سوریا.

ئۆستین لە کۆبوونەوەی لیژنەی هێزەچەکدارەکانی ئەنجومەنی پیراندا رایگەیاند، ئێران لە دوای هاتنە سەرکاری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، 83 هێرشی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەستپێکردووە.

ناوبراو رایگەیاند کە ئەمریکا 4 جار وەڵامی ئەم هێرشانەی داوەتەوە، ئەمەش شەپۆلێکی رەخنەی کۆمارییەکانی ناو لیژنەکەی لێکەوتەوە.

ئۆستین برینداربوونی سەربازێکی ئەمریکی لە خولێکی هێرشی نوێی میلیشیاکانی سەر بە ئێراندا لە رۆژی هەینی پێشوودا، پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی ئەمریکا هێشتا وەڵامی ئەو هێرشەیان نەداوەتەوە.

وەزیری بەرگری ئەمریکا بەڵێنی دا بەرگری لە هێزەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بکات لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران و گوتی: “ئێمە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە مامەڵەمان کرد کاتێک میلیشیاکانی سەر بە ئێران هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا.”

بەڵێنی دا ئەگەر ئەم هێرشانە بەردەوام بن گورزی زیاتریان لێ بوەشێنن، ئۆستین زیادی کرد: “لەگەڵ قووڵکردنەوەی هاوبەشی ئێران لەگەڵ رووسیا، لەوانەش پشتیوانی سەربازی رووسیا بۆ تاران لە بەرامبەر پێدانی درۆنی ئێرانی بە رووسیا لە جەنگی ئۆکرانیادا، ئێمە رێبازی کاریگەر پەرەپێدەدەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسی زیادبوونی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران.”

هەر لەو کۆبوونەوەدا، گەورەی کۆمارییەکان لە لیژنەکەدا، رۆجەر ویکەر، ناڕەزایی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە ئاگادارنەکردنەوەی یاسادانەران لەلایەن ئیدارەی ئەو وڵاتەوە، بۆ دەستپێکردنی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر پێگە ئێرانییەکان لە سوریا کاتێک ئەو هێرشانە روویاندا، ئاماژەی بە هەوڵەکانی کۆنگرێس کرد بۆ پشتگیریکردن لە رێگەپێدانێک کە رێگە بە کۆشکی سپی بدات هێرش بکاتە سەر ئێران، لە ئەگەری دروستبوونی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوەتەوە، کۆشکی سپی بڕیاریداوە رۆژی هەینی خولی دووەمی هێرشەکان ئەنجام نەدات، سەرەڕای ئامادەیی هێزەکانی ئەمریکا بۆ ئەو کارە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بە ترسی ئیدارەی بایدن کردووە لە پەرەسەندنی سەربازی زیاتر لەگەڵ ئێران، لە ئەگەری لێدانی زیاتر و سەرقاڵکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەرکی سەرەتاییاندا کە بریتییە لە لەناوبردنی “داعش” لە ناوچەکەدا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی