کوژرانی گەنجێکی کورد بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران

هەولێر- نۆرس پرێس

بە گوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، گەنجێک بە ناوی ئازاد ڕەزایی، تەمەن 25 ساڵ، پەیڕەوی ئایینی یارسان و دانیشتووی گەڕەکی دەرەدێژی شاری کرماشان، کاتژمێر 11ی شەوی دووشەممە، لە دەوروبەری گۆڕەپانی نیایشی ئەو شارە، بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراوە.

رێکخراوی هەنگاو لە هەواڵێکدا بڵاویکردووەتەوە، “بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ھێزە ئەمنییەکان لە پشتەوە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکەی ئازاد رەزایی کردووە و سەری پێکراوە، بەو ھۆیەشەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.”

بە گوێرەی “هەنگاو”، ئازاد رەزایی لەگەڵ سێ ھاوڕێی دیکەی لەناو شاردا سوڕاونەتەوە و ناوبراو شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە، ھێزە ئەمنییەکانی کرماشان رایانگەیاندووە کە لە خاڵێکی پشکنینی ئەو ھێزانەدا رانەوستاوە و بەوھۆیەوە تەقەیان لێکردووە، بەڵام ئەو دەنگۆیە لەلایەن خانەوادەی رەزایی و ھاوڕێکانییەوە رەتکراوەتەوە.

“هەنگاو” ئەوەشی زانیوە، تەرمی ئەو لاوە کوردە کە ساڵی رابردوو ژیانی هاوسەری پێکهێناوە، لە پزیشکی دادوەریدایە و وابڕیارە ئەمڕۆ رادەستی بنەماڵەکەی بکرێتەوە.

ئازاد رەزایی، تەمەن 25 ساڵ، لە هۆزی قەڵخانی و خەڵکی گوندی “بانی‌بید”ی سەر بە قەزای “گاوارە”ی شاری داڵاهۆ و دانیشتووی شاری کرماشان بووە.