پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، سەقامگیری نرخی دۆلاری لەعێراقدا ڕاگەیاند

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، سەقامگیری نرخی دۆلاری لەعێراقدا ڕاگەیاند، ئەمەش پاش ئەوە هات كە لە ماوەکانی ڕابردوودا بانكەكان سێ پاکێجیان خستە بازاڕەوە.

ناوبراو، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، رێكارەكانی بانكی ناوەندی عێراق بەردەوامن، ئەو پاكێجانەیشی کە خراونەتە بازاڕەوە جددین و بەشدارن لە سەقامگیری نرخی دۆلاردا.

ئاماژەی بەوەشكرد، کە یەدەگی بانكی ناوەندی پشت بە داهاتی نەوت لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە دەبەستێت، بەو پێیەی کە سەرچاوەی یەدەگی دراوی بیانی لە هەناردەكردنی نەوتی عێراقەوە دێت و فاكتەری سەرەكییە بۆ دیاریكردنی یەدەگەكان.

ئاشکراشیکرد، یەدەگی بانكیمان لە چوارچێوەی ستانداردە نێودەوڵەتییەكاندایە.

جێی باسە نرخی فەرمی 100دۆلار كە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دیاریكراوە،  پێویستە بە 132 هەزار دینار بگاتە دەست هاووڵاتیان ،بەڵام نرخی 100 دۆلار لە بۆرسەكانی ئاڵورگۆری دراو رۆژانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلار لەبەغدا بە 154 هەزارو 900 دیناربووە.