لایەنگرانی تورکیا دوو کەس لە گوندەوارەکانی عەفرین دەستگیر دەکەن

عەفرین – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، ئەندامانی فەیلەق شام کە بە لایەنگری سوپای نیشتمانی تورکیا ناسراون، دوو کەسیان لە گوندی بەعیەی سەر بە ناحیەی شێراوای گوندەوارەکانی عەفرین لە باکوری شاری حەلەب دەستگیرکردووە، بە بیانووی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانەکانی شارۆچکەی جندێرس دەستگیرکراون.

سەرچاوە تایبەتەکان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاند، ئەندامانی فەیلەق شام هەستاون بە دەستگیرکردنی خەلیل ئیبراهیمی تەمەن 35 ساڵان و عومەر عومەری 20 ساڵ کە خەڵکی گوندی بەعیەی قەزای شێراوان.

هەفتەی ڕابردوو ئەندامانی سوپای شەرقییە کە لایەنگری تورکیان، لە ناحیەی جندێرس لە گوندەوارەکانی عەفرین بەهۆی داگیرساندنی ئاگری جەژنی نەورۆز چوار کوردیان کۆشت و چەند کەسێکی دیکەشیان بریندار کرد.

بەشی بەدواداچوون و بەڵگەنامەی نۆرس پرێس، دەستگیرکردنی 6 کەسی لە عەفرین بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی شارۆچکەی جندێرس و هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستانی عێراق تۆمارکردووە، هەروەها ئاشکراشی دەکەن کە ئەندامانی سوپای ڕۆژهەڵات بە توندی لەو کەسانەیان داوە و دوو کەسیشیان بریندارکردووە.

لەبەیاننامەیەکدا، رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دانیشتوانی کورد و بنەماڵەی قوربانیانی شەوی ئاگری نەورۆز لە شارۆچکەی جندێرس لە گوندەوارەکانی عەفرین، داوای ئەوەیان دەکرد ئەوانەی کە بەرپرسیارن لە ئەنجامدانی ئەو تاوانەی کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی پێنج کەسی کورد، دادگایی بکرێن و هەموو فراکسیۆنەکانی ناوچەکانی عەفرینیش دەربکرێن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە : فەنسا تەمۆ