ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی هەشت ئەندامی داعشی لە سنوری سلێمانی راگەیاند
سلێمانی – نۆرس پرێس
شەوی دووشەممە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا “هەشت تیرۆریستی” داعشیان لە سلێمانی دەستگیرکردووە.
بە گوێرەی راگەێنراوەکەی ئاسایش، ئەو هەشت چەکدارەی داعش، بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکرابوون و “بۆ خۆحەشاردان روویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو و لە پارێزگای سلێمانی نیشتەجێ بوون.”
بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە چەند هەڵمەتێکی جیادا ئەو هەشت ئەندامەی “داعش”یان دەستگیر کردووە.
بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە،” لەسەر بنەمای هەماهەنگی و هەواڵگری بەهاوکاری دەزگا ئەمنییەکانی عیراق ژمارەیەک چەتەی داعشی لەیاسا هەڵهاتوو کە بەمادەی چواری تیرۆر داواکراوبوون لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، دەزگای هەواڵگری، دژەتیرۆر، یەکەی وەڵامدانەوەی خێرای عیراق کە بەمەرامی خۆحەشاردان روویان لە هەرێمی کوردستان کردوە و لە سنوری پارێزگای سلێمانی نیشتەجێ بوون دەستگیرکراون.”
رونیکردووەتەوە، دوای چەندین رۆژ بەدواداچوون سەرئەنجام شوێنی مانەوەی داواکراوەکان دەست نیشانکران و خرانە ژێر چاودیری هێزەکانەوە، پاش دڵنیابوونەوە لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا لە 15 تا 27ی ئەم مانگە، هەر هەشت تیرۆریستە تۆمەتبارەکە کە بەرەگەز عەرەبن دەستگیرکراون.