ئەمریکا: پەكخستنی هەناردەكردنی وزە سوود بە هیچ لایەنێك ناگەیەنێت

هەولێر – نۆرس پرێس
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە لە كۆنگرەیەکی رۆژنامهوانیدا رایگەیاند، “پەكخستنی هەناردەكردنی وزە، سوود بە هیچ لایەنێك ناگەیەنێت”.
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكردووە، داوایان لە حكومەتەكانی توركیا و عیراق كردووە بەردەوامی بە هەناردەكردنی نەوت بدەن لە رێگەی بۆریی نەوتی نێوان عیراق و توركیاوە.
پاتێل، ئاماژەی بەوەشكردووە، “ئەمەریکا پەیوەندی و پابەندییەکی درێژخانەیەنی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئێمە ئاگادارین كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ حكومەتی عیراق بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێك”.
باسی لەوەشکرد، “بەرپرسانی ئەمریكا داوا لە بەرپرسانی عیراق و هەرێمی كوردستان دەكەن كێشەی بودجە و هایدرۆكارۆبۆن چارەسەر بكەن تاوەكو سوود بە عێراقییەكان بگەیەنن.”
چەند رۆژێک لەمەوبەر دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە پاریسە دۆسێیەکی ساڵی 2014ی لەبەرژەوەندی عێراق یەکلاییکردەوە کە ئەو کات بەغدا سکاڵای لەسەر ئەنقەرە تۆمارکردبوو بەوەی کە رێککەوتنی نێوان ھەردوو وڵاتی پێشێلکردووە، بەغدا پێی وابوو کە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەرێگەی بەنەدەری جەیھانەوە نایاساییە.