بۆگدانۆڤ پێشوازی لە لێکنزیکبوونەوەی سعودیە و سوریا دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، نێردەی تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە،  میخائیل بۆگدانۆڤ، پێشوازیکرد لە لێکنزیکبوونەوەی سعودیە و سوریا و هەنگاونانیان بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەکانی هەردوو وڵات.

دوێنێ بۆگدانۆڤ لە لێدوانە رۆژنامەوانییەکانیدا رایگەیاند، “ئەمە هەنگاوێکی باشە لە هەردوولا، پەیوەندیش هەبوون، پێموایە هەر دەمێننەوە، ئێمە پێشوازی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و سعودیە و وڵاتانی دیکەی عەرەبی دەکەین”.

ئاماژەی بەوەشکرد، مۆسکۆ هەمیشە وەک دۆست و هاوبەش لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە کاردەکات، داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکتریش دەکات.

پێشتر سەرچاوە میدیاییه کان بڵاویانکردبووەوه کە سوریا و سعودیه رێکەوتوون له سەر کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەو دوو وڵاتە ، ئەمەش دوای چەند رۆژێک له کردنەوەی کونسوڵخانەی سعودیه دێت له دیمەشق.

پێنجشەممەی رابردوو سێ سەرچاوەی ئاگادار، رایانگەیاندبوو، دوای پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان، زیاتر لە دە ساڵ لەمەوبەر، سعودیە و سوریا رێکەوتوون لەسەر کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان، ئەمەش هەنگاوێکە کە رێگەخۆشدەکات بۆ گەڕانەوەی دیمەشق بۆ نێو ریزەکانی عەرەبی، بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز.

پێنجشەممەی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی سعودیە جەختی لەسەر دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی سوریا بۆ دەستپێکردنەوەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری کونسوڵگەری کردەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد یازچی