بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا داوا لە بایدن دەکەن سیایەتی نوێ لە سوریا بگرێتەبەر
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، چل بەرپرس و فەرماندەی باڵای پێشووی ئەمریکا کە لەنێویان کێنت مەکێنزی، فەرماندەی پێشووی سێنتکۆم، جۆن ماکلۆگلن، بەڕێوەبەری پێشووی دەزگەی هەواڵگریی ئەمریکا، جەیمس جێفری، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق و تورکیا، جێفری فێڵتمان، یاریدەدەری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەندین بەرپرسی پێشووی ئەمریکا نامەیەکیان ئاڕاستەی هەریەک لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە و داوایان لێکردوون سیاسەتێکی نوێ لە سوریا بگرێتەبەر و بە سیاسەتی ئیدارەکەدا لە سووریا بچنەوە و رێگری لە شەپۆلی نزیکبوونەوەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا بکەن.
لە نامەکەدا هاتووە: “دژی ئاساییبوونەوە لەگەڵ رژێمی سووریا تەنیا بە قسە بەس نییە. لەبەرئەوەی بەو شێوەیە زیان بە هەموو ئومێدێک دەگەیێنێت بۆ گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیریی بۆ ناوچەکە”.
ئەمریکا چەندینجار دووپاتیکردووەتەوە، کە بەهیچ شێوەیەک پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا ئاسایی ناکاتەوە. ئەنتۆنی بلینکن لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتان لەگەڵ ئەسەد، رایگەیاند: واشنتن بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان نییە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا و سزاکانی سەر حکومەتی دیمەشقیش هەڵناگرن هەتا پێشەڤەچوونی راستەقینە لە پرۆسەی سیاسی ئەو وڵاتە نەبینن.