پەرلەمانی هەنگاریا بەئەندامبوونی فینلاندی لە ناتۆ پەسندکرد

هێلسنکی – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، پەرلەمانی هەنگاریا بە کۆی دەنگ بەئەندامبوونی فینلاندی لە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی “ناتۆ” پەسندکرد.

لە بارەی داواکاری فینلاند بۆ بەئەندامبوونی لە هاوپەیمانی ناتۆ پەرلەمانی هەنگاریا دوێنێ کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بە 182 دەنگی بەڵێ و 6 دەنگی نەخێر داواکارییەکە پەسند کرا.

سانا مارین، سەرۆکوەزیرانی فینلاند، دوای پەسندکردنی داواکەی فینلاند لەلایەن پەرلەمانی هەنگاریاوە، لە تویتێکدا سوپاسی هەنگاریای کرد بۆ “ئەو بڕیارە روونەیان”.

لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوو، دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، فینلاند و سوێد بەیەکەوە داواکارییان پێشکێش بە هاوپەیمانی ناتۆ کرد بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوەکە.

ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، لە تشرینی دووەم، لە کۆبوونەوەی لووتکەی سەرۆکوەزیرانەکانی ئەوروپا، رایگەیاندبوو، ئەوان داواکاری فینلاند و سوێد پەسند دەکەن.

هاوپەیمانی ناتۆ لە 30 وڵاتی ئەندام پێکدێت، هەر وڵاتێك بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی رێکخراوەکە، دەبێت رەزامەندیی هەر 30 وڵاتەکە بەدەستبێنێت.