حدکا: دەمانەوێت دەسەڵاتێکی کۆماری لەسەر بنەمای دیموکراسی لە ئێران دابمەزرێنن

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، خالید عەزیزی، گوتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران – حدکا لە کۆبوونەوەیەکدا بە بەشداریی نوێنەرانی ژمارەیەک لایەنی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە شاری تۆرێنتۆی کەنەدا رایگەیاند، دەیانەوێت دەسەڵاتێکی کۆماری لەسەر بنەمای دیموکراسی و جیاکردنەوەی ئایین لە دەسەڵات دابمەزرێنن.

گوتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران باسی لەوەش کردووە، ئەو حیزبە لە هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکدایە لەنێوان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی و لە هاوپەیمانییەکەدا هەوڵدەدەن هێزە سیاسییەکانی نەتەوەکانی نێو ئێران و هەموو ئەو لایەنانەی باوەڕیان بە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی کۆماری و دیموکرات هەیە، بەشدار دەبن.

عەزیزی گوتی، ئەوان هەردوو شێوازی دەسەڵاتی پاشایەتی و ئایینی رەتدەکەنەوە و دایانەوێ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان، چڕنەبوونەوەی دەسەڵات و بەڕێوەبەری لە ناوەنددا دابمەزرێنن و ئەو خاڵانە بکەن بە بنەمای ئەو دەسەڵاتەی دوای کۆماری ئیسلامی لە ئێران دادەمەزرێت.

گوتەبێژی حدکا دەشڵێت، “دروستکردنی ئەڵتەرناتیڤ بۆ کۆماری ئیسلامی دەبێت رەنگدانەوەی راستییەکانی نێو کۆمەڵگەی ئێران بێت و دان بە فرە نەتەوەبوونی ئێراندا بنێت”.

هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، “نەتەوەکانی نێو ئێران دەبێت بۆ دروستکردنی هێزی ئەڵتەرناتیڤی کۆماری ئیسلامی بگەنە رێککەوتنێکی سەرەتایی و بەشدارییان لە بەڕێوەبەریی داهاتووی ئێران گەرەنتی بکرێت.”