کۆمپانیانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان: راگرتنی ھەناردەی نەوت کاتییە

هەولێر- نۆرس پرێس

لە یەکەم كاردانەوەیاندا لەسەر راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، کۆمپانیا نەوتییە جیھانییەکان کە لە ھەرێمی کوردستان کاردەکەن دەڵێن، حکومەتی ھەرێم ئاگاداریکردوونەتەوە کە راگرتنی ھەناردەی نەوت کاتییە و گفتوگۆکان بۆ دەستپێکردنەوەی بەردەوامن.

کۆمپانیای نەوتی “گەنەڵ ئینێرجی” بریتانی کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکات لە راگەیەنراوێکدا گوتی، پێشبینی دەکات داخستنەکە کاتی بێت و دواتر ھەرێمی کوردستان بەردەوامی بداتەوە بە ھەناردەی نەوت.

ھەروەھا کۆمپانیای نەوتی نەرویجی “دی ئێن ئۆ” رایگەیاند، لە حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ئاگادار کراونەتەوە سەبارەت بە راگرتنەکە  کەوا بەشێوەیەکی کاتی دەبێت.

کۆمپانیای “شاماران پترۆلیۆم”یش رایگەیاندووە، گفتوگۆکان لەنێوان لێپرسراوانی عێراق و تورکیا و ھەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لەڕێی ھێڵی بۆری عێراق_تورکیا، بەردەوامە.

لای خۆیەوە، کۆمپانیای گەلف کیستۆن پیترۆلیۆم رایگەیاند، ئاگادار کراونەتەوە سەبارەت بە داخستنی ھێڵی ھەناردەی نەوتی لە رۆژی شەممەوە بە شێوەیەکی کاتی لەسەر داواکاری تورکیا تا ئەو کاتەی رێوشوێنەکان بە یاسایی چارەسەر دەکرێن. دەشڵێت کاتی دەستپێکردنەوە ھەناردەکردن دیار نییە، بەڵام بە وتەی لێپرسراوانی کوردی و عێراقی راگرتنەکە کاتییە.

ئەو بۆرییەنەوتییەی لە هەرێمی کوردستانەوە بە تورکیادا تێدەپەڕی پێشتر نزیکەی 400 ھەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان و 70 ھەزار بەرمیل نەوتی لە عێراقەوە رۆژانە رەوانە دەکرد.

دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە پاریسە دۆسێیەکی ساڵی 2014ی لەبەرژەوەندی عێراق یەکلاییکردەوە کە ئەو کات بەغدا سکاڵای لەسەر ئەنقەرە تۆمارکردبوو بەوەی کە رێککەوتنی نێوان ھەردوو وڵاتی پێشێلکردووە، بەغدا پێی وابوو کە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەرێگەی بەنەدەری جەیھانەوە نایاساییە.

وەزارەتی نەوتی عێراقیش دەڵێت، “ئەو سکاڵایە لەلایەن عێراقەوە دژی تورکیا تۆمارکرابوو بەهۆی ئەوەی سەرپێچی بڕگەکانی رێککەوتنی هێڵی گواستنەوەی عێراقی- تورکیی ساڵی 1973یان کردووە”.