لافاو زیاتر لە 40 هەزار دۆنم زەوی لە رەققە دادەپۆشێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی رەققە لە حکومەتی سوریا، محمد ئەلخەدلی رایگەیاند: زیانی زەویە کشتوکاڵیەکانی رەققە و گوندەوارەکانی بەهۆی بارانبارینی ئەم دواییەوە زیاتر لە 40 هەزار دۆنم بووە.

لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی ئەلوەتەنی نیمچە فەرمی رایگەیاندووە، ئەو زەویانەی کە لە ناوچەی ئەلخەمیسیە لافاویان بەرکەوتووە، بڕی 150 دۆنم بووە، لە رۆژهەڵاتی شورەیدەش 250 دۆنم بووە و ئەوەش بەهۆی ئەو لافاوەوە بووە کە بیابانی ئەلشەمیە لە رەققەوە دابەزیونەتە سەر ناوچەکە.

بارانبارین بووە هۆی وێرانبوونی رێگای گشتی و ژێرئاوکەوتنی زەوییە کشتوکاڵییەکان، بەو پێیەی رێژەی بارانبارین لە ماوەی دوو رۆژی پێشوودا زیاتر بووە لە 100ملم، بە گوتەی ئەلخەدلی.

ئاماژەی بەوەشکرد، زیانەکانی ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەرچوون زیاترە لە 40 هەزار دۆنم، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە کرێکارانی کەرتی کشتوکاڵی ئەو ناوچانە دەستیان کەوتووە، هەروەها نزیکەی لە 100 سەر مەڕ لە گوندەواری باکووری پارێزگای رەققە لە سولوک و ناوچەکانی عەین عیسا بەهۆی لافاوەکەوە مرداربوونەتەوە.

سەبارەت بە بەروبوومە کشتوکاڵییەکان، ناوبراو رایگەیاند، بارودۆخی گشتی بەروبوومەکان زۆر باشە، هەروەها بارانبارینی ئەم دواییە هیواکانی بۆ کشتوکاڵی پشتبەستوو بە باران لە پارێزگای رەققە زیندوو کردووەتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هیچ دەرد و نەخۆشییەکی کشتوکاڵی لە بەروبوومی زستانەدا نییە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی