سعودیە و ئێران بەر لە کۆتایی رەمەزان کۆدەبنەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، ریاز و تاران نیازی خۆیان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە ئاستی وەزارەتەکانی دەرەوە پێش کۆتایی مانگی رەمەزان، راگەیاند، ئەمەش لە چوارچێوەی پەرەپێدانی رێکەوتننامەی ئاشتەوایی مێژوویی بوو کە لەم دواییانەدا لە نێوانیاندا روویدا.

حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا سعودییەکەی فەیسەڵ بن فەرحان ئەنجامدا و تیایدا باسیان لە پێشهاتەکانی رێککەوتنی دوو قۆڵی و کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا کرد.

ئەم گفتوگۆیە تەلەفۆنییە دووەم گفتوگۆیە لە نێوانیاندا لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا.

بەگوێرەی دوو راگەێنراوی جیاواز کە لەلایەن وەزارەتەکانی دەرەوەی هەردوو وڵاتەوە بڵاوکراونەتەوە، بڕیارە لە مانگی رەمەزاندا کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی دوو قۆڵی ئەنجام بدرێت، لە چوارچێوەی رێڕەوی بنیاتنانی پەیوەندییەکان.

لە 10ی ئاداردا، ئێران و سعودیە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا، راگەیاند، کە ساڵانێک لەمەوبەر پچڕابوو،  ئەوەش دوای ئەو دانوستانانەی کە چین میوانداری کردبوو.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر