ناتۆ هەڕەشە ئەتۆمییەکانی مۆسکۆ بە ” مەترسیدار و نابەرپرسانە” ناودەبات

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی ناتۆ، رایگەیاند، هەڕەشە ئەتۆمییەکانی رووسیا مەترسیدار و نابەرپرسانەن، لەبارەی لێدوانەکانی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا، سەبارەت بە ئەنجامدانی رێککەوتنی وڵاتەکەی لەگەڵ دراوسێکەی، بیلاڕووس، بۆ جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لەسەر خاکەکەی.

ناتۆ لە بەیاننامەکەیدا رایگەیاندووە، “هاوپەیمانییەکەمان لە نزیکەوە چاودێری هەڕەشە ئەتۆمییەکانی رووسیا دەکات”.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، گوتەبێژی ناتۆ رایگەیاندووە کە لێدوانەکانی رووسیا سەبارەت بە رۆڵی هاوپەیمانییەکە لە هەر جۆرە هەڵکشانێکی ئەتۆمیدا “چەواشەکارانەن”.

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا پێشتر رایگەیاندبوو، رووسیا رێککەوتنێکی لەگەڵ بیلاروسی دراوسێی ئەنجامداوە بۆ جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لەسەر خاکی وڵاتەکەی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەم هەنگاوە پێشێلکردنی رێککەوتنەکانی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی نییە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد یازچی