لە مانگی رەمەزاندا هەموو كەس مافی ئەنجامدانی یەك عومرەی هەیە

هەولێر – نۆرس پرێس

وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە رایگەیاند، لە پێناو رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ خەڵکی لە مانگی رەمەزاندا، هەرکەسێک مافی ئەوەی هەیە کە تەنها یەك جار عومرە ئەنجام بدات.

لەبەیاننامەیەکدا، وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە رایگەیاند، هەموو كەس مافی ئەنجامدانی یەك عومرەی هەیە لە مانگی رەمەزاندا، رێگە نادرێت دووبارە بكرێتەوە، بۆ ئەوەی خەڵكانی دیكە بە ئارامی و ئاسوودەی پەرستشەكانیان ئەنجام بدەن.

ئەوەش خراوەتەڕوو كە ناتوانرێت وادەی ئەنجامدانی عومرە بگۆڕدرێت، بەڵام دەتوانرێت لە رێگەی ئەپڵیكەیشنی “Nusuk” كە سعودیە دروستی كردووە بۆ ئاسانكاری كاروبارەكانی حەج و عومرە، پێش وادەکە هەڵبوەشێندرێتەوە.

هەروەها لە بەیاننامەكەدا، ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو كەسانەی کە ناتوانن لەو ماوەیەی دیاریكراودا عومرەكەیان ئەنجام بدەن، ئەوا لە ئەپڵیكەیشنەكەدا ناو بە ناو وادەكەیان نوێ دەكرێتەوە.

جێی باسە، سعودیە ئەپڵیكەیشنێكی بە ناوی “Nusuk” بۆ ئەو كەسانەی دروستكردووە كە حەج و عومرە دەكەن و تیایدا بە چەند زمانێك خزمەتگوزاری پێشكەش دەكرێت.