دەرەوەی سوریا سەرکۆنەی بۆردوومانی ئەمریکا دەکات بۆ سەر پێگەکانی ئێران
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ شەممە، وەزارەتی دەرەوەی سوریا سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە هێزەکانی ئەمریکا دژ بە گروپە ئێرانییەکان لە ناوچەکانی دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامیان دا.
وەزارەتی دەرەوە و پەنابەرانی سوریا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “درۆکانی ئەمریکا سەبارەت بە شوێنە بەئامانجکراوەکان هیچ نییە جگە لە هەوڵێکی شکستخواردوو بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئەو دەستدرێژییە و پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری و یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی سوریا”.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشە ئەمریکییەکان “درێژەی ئەو هێرشانەیە کە قەوارەی داگیرکەری ئیسرائیل و گروپە تیرۆریستییەکانی داعش دژی خەڵکی ناوچەکە ئەنجامیانداوە و وەک دوکەڵێک بۆ پەردەپۆشکردنی بەردەوامی دزینی نەوتی سوریا لەلایەن هێزەکانی داگیرکەری ئەمریکاوە .”
دوێنێ شەممە، هێزەکانی ئەمریکا و گروپە ئێرانییەکان کە لە دێرەزوور بوونیان هەیە، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت ئاڵوگۆڕی مووشەکباران لە نێوانیاندا روویداوە و بەگوێرەی سەرچاوەکانی نۆرس پرێس، 13 ئەندامی گروپە ئێرانییەکان کوژراون
وەزارەتەکە داوای لە وڵاتانی جیهان کرد کە “ئەم دەستدرێژییە ئەمریکییە سەرکۆنە بکەن و هاوسۆزی لەگەڵ سوریادا بوەستن بۆ پاراستنی یەکێتی خاک و گەلەکەی”.