کاردانەوە ناوخۆییەکانی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی

هەولێر – نۆرس پرێس

دواى ئەوەى وەزارەتی نەوتی عێراق، توانیی دۆسیەیەک بباتەوە، دژ بە هەناردەی ناوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە، لەبەرژەوەندیی عێراق لەدەستەی ناوبژیوانی ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی پاریس، ئەم بڕیارە کاردانەوەی جۆراوجۆری لە لایەن سەرکردە و فەرمانڕەوانی هەرێمی کوردستانەوە لێکەوتەوە.

درەنگانی دوینێ شەو، بارەگای بارزانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، “لەبارەی ئەو لێكدانەوە بێ بنەمایانەی هەرێمی كوردستان بە كارتۆنی ناوزەد دەكەن، بە گشت لایەك رادەگەیەنین كە هەرێمی كوردستانی عێراق كارتۆنی نییە”.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، “بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و فرمێسكی هەزاران دایكە شەهیدە. هەرێمی كوردستان بە خوێن و فرمێسكی گەلەكەمان دروست بووە و بەو خوێن و فرمێسكانەش دەپارێزرێت”.

هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاند: “ئەوانەی ئەمڕۆ لەگەڵمان ناوەستن، با سبەی خۆیان نەکەنە خاوەن دەستکەوتەکانمان و سوود لە سەرکەوتنەکانمان وەرنەگرن.”

هەروەک لە تویتێکی دیکەدا، رایگەیاند “لەیەکتێگەیشتنی ئەم دواییەمان لەگەڵ بەغدا، زەمینەیەکی باشە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی پەیوەندیدار بە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگا.”

مەسرور بارزانی گوتیشی: سبەی تیمێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدا دەکات بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای نیازپاکی، درێژە بە گفتوگۆکانمان بدەین.

لەبەرامبەردا، بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی عێراق بە رۆیتەرزی راگەیاند، دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، عێراق ھەناردەکردنی 450 ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی ھەرێمی کوردستان و باکوری کەرکوکی راگرت.

 دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە پاریسە دۆسێیەکی ساڵی 2014ی لەبەرژەوەندی عێراق یەکلاییکردەوە کە ئەو کات بەغدا سکاڵای لەسەر ئەنقەرە تۆمارکردبوو بەوەی کە رێککەوتنی نێوان ھەردوو وڵاتی پێشێلکردووە، بەغدا پێی وابوو کە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەرێگەی بەنەدەری جەیھانەوە نایاساییە.

وەزارەتی نەوتی عێراقیش دەڵێت، “ئەو سکاڵایە لەلایەن عێراقەوە دژی تورکیا تۆمارکرابوو بەهۆی ئەوەی سەرپێچی بڕگەکانی رێککەوتنی هێڵی گواستنەوەی عێراقی- تورکیی ساڵی 1973یان کردووە”.