دواین راپۆرتی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەربارەی هاوکارییەکانی بومەلەرزە

هەولێر – نۆرس پرێس

بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تاوەکو 24ـی ئاداری 2023، دەزگاکە هاوکاریی مرۆیی گەیاندووەتە 339 هەزار و 136 خێزان؛ زۆرترین خێزانی سوودمەندبووش لە هاوکارییە مرۆییەکان لە شاری مەڕەش بوون، کە زیاتر لە 102 هەزار خێزان بوون، هەروەها لە عەفرین و دەوروبەری لە رۆژئاوای کوردستان، 58 هەزار و 403 خێزان هاوکاری مرۆیی کراون لەلایەن دەزگاکەوە.

بە گوێرەی راپۆرتەکە، لە ناو هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانیدا بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزە لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان، زیاتر 32 تۆن خواردنی وشکە و زیاتر لە چوار هەزار خێوەت هەبوون، ئەمە جگە لە زیاتر لە نۆ هەزار سۆپا و سەروو 200 هەزار ژەمەخۆراکی گەرم.

وەک لە راپۆەرتەکەدا هاتووە، کە بڕی پێویستی پارە، ئاو، خەڵوز، شیری منداڵ، بەتانی و دۆشەک، کەلوپەلی چێشتخانە و ئامێری بیناسازیش لەناو یارمەتییەکاندا هەبوون.

ئەمە جگە لە چوار تەن دەرمان بۆ نەخۆشخانەی عەفرین و زیاتر لە 12 هەزار هاوکاری و چارەسەری پزیشکی، هەر بە گوێرەی راپۆرتەکە.

بە گوتەی بەرپرسی دۆسیەی سوریا لە دەزگاکە، دوێنێ 18 بارهەڵگریان گەشتووەتە ئەو ناوچانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە پێویستیان بە هاوکارییە؛ 13 بارهەڵگریان بۆ سنووری عەفرین و ئەوەی دیکەش بۆ باکووری کوردستان بووە.