وەزارەتى نەوتی عێراق پێشوازیی لەبڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

دواى ئەوەى عێراق دۆسیەى هەناردەکردنى نەوت لەرێگەى تورکیاوە بردەوە، وەزارەتى نەوتی عێراق دوێنێ شەممە، راگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا پێشوازیی لەبڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی پاریس دەکات.

لە راگەێنراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا هاتووە، “وەزارەتی نەوت توانیی دۆسیەکە لەبەرژەوەندیی عێراق بباتەوە کە ئەمڕۆ لەدەستەی ناوبژیوانی ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی پاریس دەرکرابوو”.

وەزارەتەکە دەڵێت، “ئەو سکاڵایە لەلایەن عێراقەوە دژی تورکیا تۆمارکرابوو بەهۆی ئەوەی سەرپێچی بڕگەکانی رێککەوتنی هێڵی گواستنەوەی عێراقی- تورکیی ساڵی 1973یان کردووە”.

لەدرێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی سۆمۆ تاکە کۆمپانیایە کە کاروباری نەوتی عێراق بەڕێوەدەبات لە بەندەری جیهانی تورکی‌ و وەزارەتی جەخت لەپەیوەندیی قوڵی دۆستانەی نێوان هەردوو وڵات دەکاتەوە و پەیوەندییەکان بەشێوەیەك بەرەوپێشەوە دەبەین کە لەبەرژەوەندیی هەردولابێت بە لەبەرچاوگرتنی سەروەری خاکی عێراق”.

لەبارەی ئایندەی نەوتی هەرێمەوە وەزارەتی نەوت دەڵێت، “لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم ‌و تورکیا میکانیزمێك بۆ هەناردی نەوت دادەنێین‌ و دڵنیایی دەدەین لە ناردنی ئەو بەشەی کە بۆ هەرێم دانراوە لەکێڵگە نەوتییەکانی هەرێم، بەئامانجی زیادکردنی داهاتی بودجەی حکومەت”.