سەرۆکی ئەمەریکا لە ماوەیەکی کورت و خێرادا بڕیاری لێدان لە هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانی داوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

رۆژی هەینی، جۆن کیربی ڕێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکان لە کۆشکی سپی، ڕایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ماوەیەکی کورت و خێرادا بڕیاری لێدان لە هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانی داوە.

کیربی، بۆ کەناڵی سی ئێن ئێن رایگەیاند، جۆ بایدن گفتوگۆی لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی کردووە، هەروەها ڕاسپاردەی بەرپرسانی باڵای وەزارەتی بەرگری و دەزگا هەواڵگیرییەکانی وەرگرتووە سەبارەت بە ئەگەرەکانی وەڵامدانەوە، هەروەها بایدن، زۆر بەخێرایی ئەو بڕیارەی داوە.

لەبەیاننامەیەکی پێشتردا فەرماندەی ناوەندی ئەمەریکا ئاشکرایکردبوو، کە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە سوپای ئەمەریکا چەندین هێرشی ئاسمانی وردی لە سوریا ئەنجامداوە، لەو هێرشانەدا گروپەکانی سەر بە ئێران و سوپای پاسدارانی ئێرانی کردووەتە ئامانج، ئەمەش لە وەڵامی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی هاتووە کە هێرشی کردبووە سەر بنکەیەکی ئەمەریکی و بەو هۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و پێنج سەربازی ئەمەریکیش بریندار بوون.

لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمەریکا بە ڕێنمایی سەرۆک جۆ بایدن، فەرماندەی ناوەندی ئەمەریکا مۆڵەتی هێرشی ئاسمانی وردی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا داوە بۆ سەر گروپەکانی سوپای پاسدارانی ئێران.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، ئەو هێرشە ئاسمانییانە لە وەڵامی زنجیرەیەک هێرشی ئەم دواییەی گرووپەکانی سوپای پاسدارانی ئێران هاتووە کە لە دژی هێزەکانی هاوپەیمانان لە سوریا ئەنجامیان داوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: سەعەد یازچی