بەشێكی دیکەی پارەی “دزی سەدە” گەڕێنرایەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

سەرۆکی دەستەی دەسپاکی رایدەگەیەنێت، 400 ملیار دیناری عێراقی لە پارە دزراوەکانی دەستەی باج  کە بە “دزی سەدە” ناسرابوو گەڕێنراوەتەوە گەنجینەی دەوڵەت.

 حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا رایگەیاند: دەستەکە کاردەکات بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی پارە دزراوەکەی دزی سەدە و لیستی تۆمەتبارەکان لە زیادبووندایە.

لە دێژەی قسەکانیدا حەنون دەڵێت: دەستەی دەسپاکی چەندین دۆسیەی گەندەڵی لەلایە و بەشێکییان نهێنین و ناتوانین ئاشکرای بکەین لە ترسی ئەوەی تۆمەتبارەکان رابکەن و پارەکەشمان لەدەست بچێت.

لەمانگی ئەیلولی ساڵی رابردووەوە تا مانگی ئابی ئەمساڵ بڕی دوو ملیار و پێنچ سەد هەزار دۆلار لە هەژماری سپاردەی دارایی دەستەی گشتیی باجەکانی عێراق لە بانکی رافیدەین لەلایەن پێنج كۆمپانیاوە “دزرا” کە بە “دزی سەدە” ناوی دەركردووە.

تا ئێستا بە بڕی جیاجیا حکومەتی عێراق گێڕانەوەی ئەو پارە دزراوەیان راگەینادووە و ئەمەش دواین بڕی گێڕاوەیە کە حکومەت ئاشکرای بکات.