لە هێرشی درۆنێکدا لە حەسەکە.. کوژرانی بەڵیندارێکی ئەمریکی و برینداربوونی پێنج سەربازی دیکە
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنی پێنجشەممە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکیدا ئاماژەی بەوەداوە، پاشنیوەڕۆی دوێنێ بە درۆنێک هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی وڵاتەکەیان لە بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە حەسەکە و بەهۆیەوە بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوژراوە و پێنج سەرباز و بەڵێندەرێکی دیکە برینداربوون.
بە گوتەی هەواڵگریی ئەمریکا، درۆنەکە لەلایەن ئێرانەوە دروستکراوە.
سوپای ئەمریکا لە وەڵامی ئەو هێرشەدا، دەستبەجێ هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر ژمارەیەک گرووپی چەکدار لە سووریا ئەنجامداوە. لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریدا دەڵێت، “لەسەر فەرمانی سەرۆک بایدن، دەسەڵاتم بە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا دا ئەمشەو هێرشێکی ورد لە رۆژهەڵاتی سووریا لە دژی ئەو بنکانە ئەنجامبدەن کە لەلایەن ئەو گرووپانەوە بەکارهاتوون کە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانن.”
وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە، ”هێرشەکە لە وەڵامی هێرشە درۆنییەکەی ئێراندا بووە، ئەو زنجیرە هێرشانەی ئەم دواییەن کە بۆسەر هاوپەیمانان لە سووریا لەلایەن ئەو گرووپانە کراون کە سەر بە سوپای پاسدرانی ئێرانن.”
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکادا هاتووە، ”وەک سەرۆک بایدن بە روونی گوتوویەتی، ئێمە هەموو رێکارێکی پێویست دەگرینەبەر بۆ پارێزگاریکردن لە خەڵکەکەمان و هەمیشە لە شوێن و کاتی گونجاودا، وەڵاممان دەبێت.”
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە، کە برینی دوو لە سەربازەکانیان لە شوێنی رووداوەکە چارەسەرکراوە و سێ لە سەربازە بریندارەکانی دیکە و بەڵێندەرەکەش بەهۆی سەختیی برینەکەیانەوە گوێزراونەتەوە بنکەیەکی تەندروستیی هاوپەیمانان لە عێراق.