“داعش” سوپای عێراق له‌ شاری کەرکوک كرده‌ ئامانج

دێرەزۆر – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، لە ڕێگەی په‌یجه‌ نزیكه‌كانیه‌وه‌، بەرپرسیارێتی خۆی لە بە ئامانجگرتنی كاروانێكی سوپای عێراق لە ناوەندی شاری کەرکوک ڕاگه‌یاند.

دەزگای ئەلیکترۆنی “ئه‌عماق”ی نزیک لەو ڕێکخراوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، چەکدارانی ڕێکخراوەکە لە نزیک تەل عوبەیدەی باشووری ناوچەی داقوق له‌ كه‌ركوك، بۆمبێكی چێندراویان به‌ كاروانێكی سوپای عێراقی ته‌قانده‌وه‌.

له‌ئه‌نجامدا سێ سەرباز برینداربوون و زیانی ماددی بە کەرەستە سەربازییەکان کەوتووە.

لەم دواییانەدا شانەکانی ڕێکخراوەکە هێرشه‌كانیان لە سوریا و عێراق چڕتر کردووەتەوە، سەرەڕای بەردەوامی هەڵمەتە ئەمنییەکان بۆ بەدواداچوون به‌دوای ئه‌و ڕێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌.

لە 15ی ئاداری 2023، داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێکی سوپای عێراق لە ناوەڕاستی کەرکوک ڕاگه‌یاند.

ئامادەکردنی: حاتەم بەشار – داڕشتنه‌وه‌ی: ئەحمەد عوسمان