نێردەی قەتەر لە نەتەوەیەکگرتووەکان: رێگەچارەی سیاسی لە سوریا لە سەر رێگایەکی نیمچە داخراودایە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئێوارەی سێشەممە، نێردەی قەتەر لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەو رێگایەی کە ئێستا بەدوایدا دەگەڕێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی لە سوریا “نزیکە لە گەشتنی بە بنبەست”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ “ناپابەندی” حکومەتی سوریا و پێداگری لەسەر بەکارهێنانی چارەسەری ئەمنی و سەربازی لەسەر بنەمای “کوشتن و ئەشکەنجەدان”.
ئەمەش لە راگەێنراوێکدا هات کە نوێنەری هەمیشەیی دەوڵەتی قەتەر لە نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ ، هیند عەبدولڕەحمان ئەلموفتاح، لە میانی گفتوگۆی کارلێککەردا لەگەڵ کۆمیسیۆنی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە سوریا، لە چوارچێوەی 52مین دانیشتنی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ, پێشکەشی کرد.
ئەلموفتاح ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی سوریا پێداگری دەکات لە “بەکارهێنانی چارەسەری ئەمنی و سەربازی لەسەر بنەمای دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکییانە، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، کوشتن، ئەشکەنجەدان، لەناوبردن، ئاوارکردنی زۆرەملێ، گەمارۆدان، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی، بەئامانجکردنی بە ئەنقەست و بێ جیاوازیی دانیشتووان و شوێنە مەدەنییەکان و ئەنجامدانی قێزەونترین تاوان و پێشێلکارییە گەورەکانی مافەکانی مرۆڤ”.
داوای پێویستی گەیشتن بە چارەسەری ئاشتیانە کرد، لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی تەواوی بڕیارنامەی 2254ی ئەنجومەنی ئاسایش، بە شێوەیەک کە خواستەڕەواکانی گەلی سوریا بەدیبهێنێت و یەکێتی و سەروەری و سەربەخۆیی سوریا بپارێزێت.