سەرۆکی حکوومەت هەرێمی کوردستان پەیامێک دەربارەی شەهیدکردنی 4 هاولاتی کورد لە عەفرین بڵاوکردەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێک لەبارەی شەهیدکردنی 4 کورد بەهۆی ئاهەنگگێڕان و ئاگرهەڵکردن بەبۆنەی نەورۆز لە شارۆچکەی جندرێس لە عەفرینی کوردستانی سووریا بڵاو کردەوە و گوتی” ئەم تاوانە سەرکۆنە دەکەین”.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ دووشەممە لە شارۆچکەی جندرێسی سەر بە شاری عەفرین، لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرشکرایە سەر ئاهەنگگێڕان و ئاگرهەڵکردن بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، لە ئەنجامدا بە داخێکی زۆرەوە، چوار هاووڵاتی کورد شەهید کران.
ڕاشیگەیاند، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییەکان دەکەین و هاوخەمیانین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
سەبارەت بە ڕووداوەکەش سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشداوە کە بە توندترین شێوە، ئەم تاوانە سەرکۆنە دەکەین و داوا لە بەرپرسانی ناوچەکە دەکەین، لێپرسینەوەی پێویست بکەن و ئەنجامدەرانی تاوانەکە بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن.