کوژرانی چوار ئەندامی هێزەکانی حکومەت لە رۆژهەڵاتی حومس

دێرەزوور- نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، چوار ئەندامی هێزەکانی حکومەت، لە هێرشێکی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”دا لە بیابانی تدمر لە رۆژهەڵاتی حومس لە ناوەڕاستی سوریا کوژران، کە لە نێویاندا ئەفسەرێک بە پلەی نەقیب هەیە.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە هێزەکانی حکومەتەوە رایگەیاند، چەکدارانی رێکخراوەکە بە چەکی ئۆتۆماتیکی و نارنجۆکی دەستی، پیگەکانی لیوای 131ی سەر بە فیرقەی 18یان لە چواردەوری بیابانی تدمر لە گوندەواری رۆژهەڵاتی حومس، کردە ئامانج.

ئەو سەرچاوەیە بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی مولازم “ئەحمەد ئەلئەرجان” کە خەڵکی دێرەزوورە و سێ ئەندامی دیکەش لەو نێوەندەدا کوژراون.

گروپە لایەنگرەکانی ئێران و هێزەکانی حکومەت، ناوچەیەکی بەرفراوانی بیابانی سوریا و گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور کۆنتڕۆڵ دەکەن، ئەو ناوچانەش لەم دواییانەدا زیادبوونی چالاکی رێکخراوی “داعش”یان بەخۆوە بینیوە.

دوو رۆژ لەمەوبەر، دوو ئەندامی هێزەکانی “دیفاع وەتەنی” کوژران و دووی دیکەش لە لیوای قودسی لایەنگری ئێران بریندار بوون، ئەمەش لە تێکهەڵچوونێکی چەکداریدا لەگەڵ ئەندامانی رێکخراوی “داعش” لە بیابانی عەیاش لە گوندەواری رۆژئاوای دێرەزوور.

ئامادەکردنی: حاتەم بەشار – داڕشتنەوە: ئەحمەد عوسمان