سەرۆککۆماری عێراق بەرەو نیویۆرک بەرێکەوت
هەولێر- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفڕانسی ئاو، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بەرەو نیویۆرک بەرێکەوت
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆککۆمار لەراگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵا بەرەو شاری نیویۆرک بەڕێکەوت.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکەی سەرۆک کۆماری عێراق، بەمەبەستی بەشداریکردنە لە کارەکانی کۆنفڕانسی ئاو بۆ گەشەپێدانی بەردەوام کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە لە 22-24ی ئەم مانگەدا بەڕێوەدەچێت.
لە ئێستادا بەهۆی دروستکردنی چەندین بەنداو لەسەر روباری دیجلە و فورات لەلایەن تورکیاوە، عێراق روبەڕوی قەیرانی ئاو بۆتەوە و بەشێک لە زۆنگاو و دەریاچەکان وشک بوون، سەڕای چەندین هەوڵی دیپلۆماسیش، بەڵام تا ئێستا ئاسۆی چارەسەرکردنی ئەو پرسە روون نییە.