روسیا داوای دواخستنی کۆبوونەوەی چوارقۆڵیی سەبارەت بە سوریا دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

رۆژی سێشەممە مەولود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ڕووسیا داوای دواخستنی کۆبوونەوەی چوارقۆڵیی سەبارەت بە سووریا دەکات لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوە.

چاوش ئۆغڵو ئاشکرایکرد، حکومەتی سوریا ئاگاداری دواخستنی ئەو کۆبوونەوەیەن و بڕیارێکی هاوبەشیان داوە و ئێمەش ڕازی بووین، بۆیە چاوەڕێی مۆسکۆ دەکەین وادەی کۆبوونەوەکە دیاری بکات، چونکە ئەوانەی پێشنیاری ئەنجامدان و میوانداریەکە کردووە ئەوان وادەی کۆبوونەوە دیاری دەکەن.

پێنجشەممەی ڕابردوو، بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا ڕایگەیاند،  ئەنجامدانی  کۆبوونەوە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا هیچ بەهایەکی نابێت تا هێزەکانی تورکیا لە سوریا نەکشێنەوە و تورکیاش واز لە پشتیوانیکردنی تیرۆر بهێنن.

بڕیاربوو ڕۆژانی 15 و 16ی ئادار مۆسکۆ میوانداری کۆبوونەوەیەک بکات لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی هەریەک لە وڵاتانی تورکیا و روسیا و ئێران و سوریا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: محەمەد قازی