بەبۆنەی نەورۆزەوە.. ئاهەنگێکی فراوانی جەماوەریی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەبۆنەی نەورۆزەوە، کاتژمێر 4ـی دوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە ، ئاهەنگی فراوانی جەماوەری لە پارکی شانەدەر بەڕێوەدەچێت.

پارێزگاری هەولێر لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، داوای لە دانیشتوانی شاری هەولێر و گەشتیارانی شارەکانی دیکە کرد، “لەپێناو هەڵکردنی ئاگری نەورۆز و بەرزڕاگرتنی سەرکەوتنی راپەرینی خەڵکی کوردستان، بەشداری لە ئاهەنگەکەدا بکەن”.

هەروەها پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند، هەموو چالاکییەکانی فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز کە لە رۆژی 11ی ئادارەوە دەستیپێکردووە، تا ئەمڕۆ 20ی ئادار بە هەڵکردنی مەشخەڵی نەورۆز و ئاهەنگی فراوانی جەماوەری لە پارکی شانەدەر، کۆتایی پێدێت.

هەروەها سوپاسی لێژنەی فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆزی کرد، کە لە ماوەی رابردوودا کار و پلانەکانیان بە دروستی ئەنجامدا.