شای سعودیە بانگهێشتی سەرۆک کۆماری ئێران دەکات بۆ ڕیاز

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەرپرسێکی ئێرانی ئاشکرای کرد، ڕۆژی یەکشەممە، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران بانگهێشتی سەلمان بن عەبدولعەزیزی شای سعودیە پێگەیشتووە کە سەرەدانی ریازی پایتەختی ئەو وڵاتە بکات، ئەمەش لە دوای ڕێککەوتنی ئاشتەوایی نێوان هەردوو وڵاتدا هاتووە.

لە رۆژی دەی ئازار، ئێران و سعودیە، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، ڕێککەوتنێکیان ڕاگەیاند کە تێیدا دەستپێکردنەوە و گەڕانەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە، کە بە دەستپێشخەری و سەرپەرشتی چین ئەنجامدراوە.

محەمەد جەمشیدی یاریدەدەری سیاسی سەرۆک کۆماری ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، لەو پەیامەی کە بۆ سەرۆک ڕەئیسی نێردراوە، پاشای سعودیە پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵاتی کردووە و بانگهێشتی ڕیازی کردووە.

بەرپرسێکی سەرۆکایەتی کۆماری ئیران ڕایگەیاند، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران پێشوازی لەو بانگهێشتنامەیەی کرد کە لە پاشای سعودیەوە پێگەیشتووە تا سەردانی ڕیاز بکات بە ئامانجی  لێکنزیکبوونەوە لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

پێشتر حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، کە هەردوو وڵات لەسەر کۆبوونەوەی داهاتووی وەزیرانی دەرەوەی ئەو دوو وڵاتە ڕێککەوتوون و ئاماژەی بە سێ شوێن کرد کە پێشنیار کراون بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە، باسی ئەوەشکرا کە تاران ئامادەیە دوو باڵیۆزخانەکەی لە سعودیە بکاتەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: سەعەد یازچی