فڕۆکەیەکی ئیماراتی گەیشتە فڕۆکەخانەی لازقیە کە سی تۆن هاوکاری خۆراکی تێدابووە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات لە کۆشکی نشتیمانی ئیمارات لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا کۆبووەوە و لەبارەی چەند پرسێک گفتۆگۆیان کرد و گفتوگۆکانیان بە ئەرێنی و بنیاتنەر وەسف کران.
لە تویتێکدا بن زاید جەختی لەسەر ئەو هاوکاری و هەماهەنگیانەی کردەوە کە خزمەت بە سەقامگیری و گەشەپێدان لە سوریا و ناوچەکەدا دەکەنەوە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئیمارات، سەردانەکەی ئەسەد هاوتایە لەگەڵ هەمان سەردانی مانگی ئازاری ساڵی رابردووی بۆ ئیمارات.
محەمەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات، سەرەخۆشی لەبەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا دەکات بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکەی سوریا.
لە لایەکی ترەوە ئەنوەر قرقاش سەرۆکی ئیمارات ئاماژەی بەوەکرد، کە زیاتر لە 10 ساڵە شەڕ و توندوتیژی و وێرانکاری هەیە، ئیتر بەسە کاتی ئەوە هاتووە کە هاوکاری وڵاتانی عەرەبی بەهێزتر بکەین لەپێناو هێنانەدی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا.
قرقاش پێیوابوو کە ئیمارات دیدگایەکی قووڵتر و فراوانتری هەیە بۆ سوریا کە ئامانج لێی بەهێزکردنی سەقامگیری عەرەبی و ناوچەکە و تێپەڕاندنی ساڵانی سەختی ڕووبەڕووبوونەوەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ڕووداوانەی کە پەیوەستن بە ئاژاوەگێڕی و کاردانەوەکانەوە سەلماندوویانە کە جیهانی عەرەبیمان زیاتر مەبەستیانە کێشە و قەیرانەکان چارەسەربکرێن، بەشێوەیەک کە دووربێت لە دەستێوەردانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی ئەسەد، فڕۆکەیەکی ئیماراتی گەیشتە فڕۆکەخانەی لازقیە کە سی تۆن هاوکاری خۆراکی تێدابووە بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.