هەڵسەنگاندنێکی نوێ بۆ زیانەکانی سوریا لە دوای بوومەلەرزەکەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
رۆژی شەممە بانکی نێودەوڵەتی هەڵسەنگاندنێکی نوێی بۆ زیانەکانی بومەلەرزەکەی سوریا بڵاوکردەوە، تێیدا پێشبینی دەکات کە بەرهەمی ناوخۆیی سوریا بە ڕێژەی 5.5% لە ساڵی 2023دا کەم ببێتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا پێشبینی ئەوەش دەکرێت کە لە ئەگەری خاوبوونەوەی ئاوەدانکردنەوە و لاوازی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت و نەگەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان ئابوری وڵات پاشەکشە بکات.
لەئەنجامی ئەو بومەلەرزەیە زیانە مادییەکان بە 3.7 ملیار دۆلار خەمڵێنراون، لە کاتێکدا زیانەکانی نزیکەی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە، بەمەش کۆی بەهای زیانەکان گەیشتووەتە 5.2 ملیار دۆلار.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، کەرتی نیشتەجێبوون لە پێشەنگی لیستی کەرتە زیانلێکەوتووەکاندایە کە بەرێژەی 24% کۆی زیانەکانی پێکهێناوە. دواتر کەرتی گواستنەوە و ژینگە و کشتوکاڵ دێن کەزیانیان بەرکەوتووە.
هەروەها زیانێکی زۆر گەیشتووەتە کەرتی کشتوکاڵ، چونکە دابینکردنی خۆراک بە بڕی 1.3 ملیار دۆلار کەمیکردووە کە 83% کۆی زیانەکانی پێکهێناوە.
پارێزگای حەلەب زۆرترین زیانی بەرکەوتووە کە بەرێژەی 44% کۆی زیانەکان پێکهێناوە، زۆربەی زیانەکان بەر کەرتی نیشتەجێبوون و پاشان کشتوکاڵ کەوتوون، لەدوای ئەویش پارێزگای ئیدلیب دێت کە بەڕێژەی 21% زیانی بەرکەوتووە.
بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی شاری حەلەب لە پلەی یەکەمی لیستی ئەو شارانەدا بووە کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، لەدوای ئەویش شاری لازقیە بە ڕێژەی 12% و ئەعزازیش بە ڕێژەی 10% زیانەکان پێکهێناون.