ژمارەیەك لە لایەنە سیاسییەكان پاڵپشتی لە ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكەن
هەولێر – نۆرس پرێس
رۆژی چواری ئەم مانگە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیارە یاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجام داوە.
بەپێی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان، یاساكانی ھەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكرێنە یەك یاسا، ھەروەھا ژماردنی دەنگەكانیش بەدەستی و ئەلیكترۆنی دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەنجامەكان جیاواز بوون ئەوا ژماردنی دەنگەكان بەدەستی یەكلایی دەكرێتەوە و رێگا بە ھیچ ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران و پارت و فراكسیۆنەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران نادرێت بچنە ناو ھاوپەیمانێتیی دیكە تا ئەو كاتەی حكومەت پێكدەھێندرێت.
ژمارەیەك لە لایەنە سیاسییەكان پاڵپشتی لە ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكەن و داوا دەكەن كە سیستەمی ھەڵبژاردنەكان لە عێراق لە فرەبازنەییەوە بگەڕێتەوە بۆ سیستەمی سانت لێگۆ، بەتایبەتیش لایەنەكانی سەر بەچوارچێوەی ھەماھەنگی كە لە دوایین ھەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەراندا، دەنگی پێویستییان بەدەست نەھێنا و تووشی شكستێكی گەورە بوون.
لای خۆیەوە موقتەدا سەدر سەرکردەی رەوتی سەدر و ئەندامە سەربەخۆكان و تشرینییەكان دژی گەڕانەوەی یاسای كۆنی ھەڵبژاردنەكانن.
یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەھۆی خۆپیشاندانی تشرینی یەكەمی ساڵی 2019 ھەڵپەسێردرابوو و یەكێك لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران، ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان بوو، چونكە ئەو كات وەك خۆپیشاندەران رایانگەیاندبوو ئەنجوومەنی پارێزگاكان، خزمەتگوزاری پێشكەش بە خەڵك ناكەن و لە گەندەڵی تێوەگلاون.
جێی باسە دوای پێكھێنانی كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی بڕیاردرابوو كە لە ماوەی ساڵێك و شەش مانگدا، ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكانی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت، بەڵام ئێستا ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەوەی لە بری ھەڵبژاردنەكانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران، ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكرێت.