20 ساڵ بهسهر ڕۆخانی ڕژێمی بهعس له عێراق تێدهپهڕێت
ههولێر – نۆرس پرێس
ئهمڕۆ 20 ساڵ بهسهر هێرشی ئهمریكا و هاوپهیمانان بۆ سهر عێراق تێدهپهڕێت، 19ی ئاداری ساڵی 2003 ئەمریکا و بەریتانیا بۆ لهناوبردنی ڕژێمی ئهوكاتی عێراق هێرشیان كرده سهر ئهو وڵاته.
ئهو هێرشهی ئهمریكا و هاوپهیمانان کۆتایی بە دەسەڵاتی 30 ساڵەی سەدام حوسێن هێنا کە حوکمێکی دیکتاتۆرانەی دەکرد، بهدرێژایی ئهو ساڵانه، کوردستانی ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید كرد و ھەزاران گوند و شار و شارۆچکەی وێران كرد و تەعریب و تەبعیسیش یەکێک بوو لەو تاوانانەی دژی کوردستان ئەنجامی دەدا.
تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، كه داکۆکی لە لەشکرکێشی له دژی ڕژێمی سهدام حوسێن دهكرد ، لە بڕیارەکەی پەشیمان نییە، و دەڵێ “تەنانەت ئەگەر تۆ بە تەواوی دژی لادانی سەدام حوسێن بی لە عێراق، پێویستە دژی ئەو بیرۆکەیە بیت کە دەڵێت لادانی دیکتاتۆرێک کە خەڵکی خۆی تۆقاندووە، دوو جەنگی هەرێمی بەرپاکردووە، ژمارەیەک بڕیارنامەی یووئێنی پێشێلکردووە، لە یەک رۆژدا 12 هەزار کەسی بە چەکی کیمیایی کوشتووە، یەکسانە بە داگیرکردنی وڵاتێک کە سەرۆکەکەی بە شێوەیەکی دیموکراسی هەڵبژێردراوە و هیچ ململانێی هەرێمیی دروستنەکردووە یان هێرشی نەکردووەتە سەر هیچ یەک لە دراوسێکانی”. پێشیوایه لە ئەنجامی لەشكرکێشییەکەوە، عێراق چیدیکە سەرچاوەی هەڕەشە نییە بۆ سەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسایشی نێودەوڵەتی
ئەمریکا و بەریتانیا، بە گوتەی خۆیان دەیانویست عێراقێکی ئازاد و دیموکراسی دروستبکەن، بەڵام راپۆرتی رێکخراوی فریدەم هاوسی ئەمریکی دەڵێت، عێراق نە وڵاتێکی ئازادە و نە دیموکراسی، بەو پێیەی لە رووی مافە سیاسییەکان نمرەکەی 16 لەسەر 40 و لە رووی مافە مەدەنییەکانیش 13 لەسەر 60ـە.
رێکخراوی گاڵۆپی ئەمریکیش دەڵێت، عێراق سێیەم دڵتەنگترین وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان، ئەمەش جێگەی سەرسوڕمان نییە، بەو پێیەی ئامارەکانی بانکی جیهانی دەریدەخەن، 38٪ـی دانیشتووانی عێراق لە دوای رووخانی بەعس لە دایکبوون و 16.2٪ـی خەڵکی عێراق بێکارن.
لیستی شەفافیەتی نێودەوڵەتی ئاشکرای كرد، عێراق 23ـەمین گەندەڵترین وڵاته له جیهان. وەزارەتی پلاندانانی وڵاتەکەش نایشارێتەوە، 25٪ـی دانیشتووانی عێراق لە ژێر هێڵی هەژاریدان.
لەدواى ساڵى ڕوخانی ڕژێمی سهدام حوسێن له ساڵی 2003 پێنج جار هەڵبژاردنی پەرلەمانی له عێراق ئهنجامدراوه، گرەوى بەردەوامى دەنگدەر و پارتە سیاسییەکان لەسەر باشتر کردنى دۆخى عێراقە.