دیمەشق – نۆرس پرێس
ڕۆژی شەممە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بڕیارێکی واژوو کرد کە پێشنیارێکی ئەنجومەنی ئاسایش و بەرگری نیشتمانی بوو بۆ سەپاندنی سزا بەسەر سەدان کەس و قەوارەدا.
سزاکان بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا و حوسێن عرنوس سەرۆکوەزیرانی سوریا و فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سوریا دەگرێتەوە.
ئەو سزایانەی کە بۆ ماوەی 10 ساڵ بەسەریاندا سەپێنراون، پێکهاتوون لە سڕکردنی سەروەت و سامان و سنوردارکردنی کارە بازرگانییەکانیان و هەروەها قەدەغەکردنی گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و چەند بوارێکی تریش.
بەگوێرەی ئەو فەرمانەی کە لە ماڵپەڕی سەرۆکی ئۆکرانیادا بڵاوکراوەتەوە، سەروەت و سامانی ئەسەد سڕدەکرێت و کۆمەڵێک ڕێوشوێنی دیکەش بەسەریدا دەسەپێندرێت.
لە فەرمانەکەدا هۆکاری سزاکان ڕوون نەکراوەتەوە، بەڵام ڕەنگە هۆکارەکەی پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە سەرۆکی سوریا هاوپەیمانێکی سەرەکی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی ڕوسیایە.
لە بڕیارەکەدا 300 کەس و 141 قەوارەی یاسایی سزا دراون کە زۆرینەی ڕەهایان هاوڵاتی روسیا و ژمارەیەک هاووڵاتی ئێرانی بوون.
لە نێو ئەو قەوارانەدا دامەزراوەی توێژینەوە و بەرهەمهێنانی روسیا و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و کۆمپانیا ئێرانییەکان هەبوون.
ئۆکرانیا لە 30ی حوزەیرانی ڕابردوودا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ حکومەتی سوریادا پچڕاندووە، ئەمەش پاش دانپێدانی سوریا بە سەربەخۆیی هەرێمەکانی دۆنیتسک و لوهانسکی ئۆکرانیا لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدا هاتووە.