بۆ جاری دووهەم.. سەرکردەی هێزەکانی قودس سەردانی سوریا دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنی هەینی، لە دووەم سەردانی لەوجۆرەیدا، لە دوای بوومەلەرزەکەوە، فەرماندەی هێزی قودسی پاسدارانی ئێران، ئیسماعیل قائانی، سەردانی ناوچە زیانلێکەوتووی بوومەلەرزەی کرد لە شارەکانی حەڵەب و لازقییە.
ئاژانسی “فارس”ی ئێران، بە ئاماژەدان بە سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند، کە قائانی سەردانی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی پارێزگاکانی حەڵەب و لازقییە و ئەشرەفی کردووە، لە نزیکەوە سەرپەرشتی پرۆسەی گەیاندنی هاوکارییەکانی بوومەلەرزەکەیان کردووە.
مانگی رابردوو و سێ رۆژ پاش روودانی بومەلەرزە ، قائانی سەردانی ئەم ناوچانەی کرد، بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی گەیاندنی یارمەتییەکان بەو ناوچانە.
تا ئێستا ئێران 447 تۆن یارمەتی بۆ بوومەلەرزەیەک لە سوریا ناردووە لە رێگەی 16 گەشت لە فڕۆکەخانەکانی حەڵەب و دیمەشق و لازقییە.
ئیسرائیل دوو هەفتە لەمەوبەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەڵەبیان کردبووە ئامانج و پێگەکانی ئیسرائیلیش بڵاویکردەوە، کە بۆردومانەکە جوڵەیەکی گوماناوی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی حەڵەب و فڕۆکەخانەی سەربازیی نیرب، کردووەتە ئامانج.