دیمەشق – نۆرس پرێس
سەرۆک کۆماری تورکیا دوای کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکی فینلاند لە ئەنقەرە، بە ئەندامبونی ئەو وڵاتەی لە هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) پەسەندکرد و داواشی لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد دەستبکات بە رێکارەکانی پەسەندکردنی داواکارییەکەی هێڵسنکی.
دوینێ هەینی، رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە ئەنقەرە پێشوازی لە ساولی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند کرد، دوای کۆبونەوەی لوتکەی هەردو وڵاتیش، هەردو سەرۆکی تورکیا و فینلاند کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیان ئەنجامدا و باسیان لە دۆسییە هاوبەشەکانی نێوان ئەنقەرە و هێڵسنکی، پەیوەندییە سیاسی، ئەمنی و ئابورییەکانی نێوانیان کرد.
یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی کۆبونەوەکە پرسی ئەندامیەتی فینلاند بو لە هاوپەیمانی ناتۆ، لەم بارەیەوە سەرۆک کۆماری تورکیا گوتی، ئەنقەرە رەزامەندە بە بوون بە ئەندامی فینلاند لە ناتۆ و داواشی لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد دەستبکات بە رێکارەکانی پەسەندکردنی فینلاند لە هاوپەیمانی ناتۆ.
گوتیشی، “ئەگەر سوید رێکاری پێویست نەگرێتەبەر بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر، ئەنقەرە هەڵوێستی خۆی ناگۆڕێت و رەزامەند نابێت سوید ببێتە لە ئەندام لە ناتۆ.”