یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەرەخۆشی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ هەینی، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” کرد، بەهۆی لەدەستدانی فەرماندە و ئەندامانی هێزەکانی دژە تیرۆریانەوە کە لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستدا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا گوتی، “شەهیدبوونی (شەڕڤان کۆبانی) فەرماندەی هێزەکانی دژەتیرۆر لە رۆژئاوا و هەشت هاوڕێی دیکەی لە دڵەوە بیگەرانی کردین”.
ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕڤان و یەکینەکانی دژەتیرۆر (YAT) “رۆڵێکی کاریگەریان لە بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا هەبووە و مێژوویەکی پڕ لە ئازادییان تۆمارکردووە”.
تاڵەبانی سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی ئاراستەی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مەزلوم کۆبانی وهێزەکانی سوریای دیموکرات و یەکینەکانی دژەتیرۆر و سەرجەم گەلی کورد و بەتایبەت هاوڵاتییانی رۆژئاوای کوردستان کرد.”
دوێنێ، هێزەکانی سوریای دیموکرات شەهیدبوونی نۆ ئەندامی یەکینەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لە نێویاندا فەرماندەی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سەر رێگای شاری سلێمانی راگەیاند، ئەمەش لە چوارچێوەی چالاکییەکی هاوبەش لە دژی داعشدا.
لە 20ی کانوونی یەکەمدا، فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا، جەنەڕاڵ ماتیۆ ماکفارلین و بافڵ تاڵەبانی، سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، سەردانی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدییان کرد، لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان.
ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد یازچی