دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ڤیلادیمیر پووتین دەرکرد
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ هەینی، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە شاری لاهای هۆڵەندایە، بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەرکرد.
لە یەکەم کاردانەوەی رووسیادا، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە نامەیەکی تەلەگرامدا گوتی: “بۆ وڵاتەکەمان، بڕیارەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی هیچ گرنگییەکیان نییە.”
زاخۆراڤا دەشڵێت: “رووسیا لایەنێک نییە لە سیستمی بنەڕەتیی رۆمای تایبەت بە دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی و هیچ پابەندییەکیشی لەسەر نییە،” روونیشیکردەوە کە مۆسکۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ دادگەکەدا ناکات.
زاخارۆڤا گوتی: فەرمانەکانی دەستگیرکردنی “دەرکراو لە لایەن دادگەی تاوانی نێودەوڵەتییەوە، لە رووی یاساییەوە پووچەڵن” بۆ رووسیا.
هاوکات دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکی رووسیا بە رۆژنامەوانانی گوت: “رووسیا وەک زۆر لە وڵاتانی دیکە، دان بە کاری ئەو دادگایەدا نانێت؛ بۆیە لە رووی یاساییەوە، ئەم بڕیارانە پووچەڵن.”
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیتیی ئەوروپا ستاییشی بڕیاری دادگەکەی کرد و بە “بڕیارێکی گرنگ” بۆ دادپەروەریی نێودەوڵەتی و خەڵکی ئۆکراینا ناویبرد.
بۆرێل گوتی: “ئێمە هەمیشە لە یەکێتیی ئەوروپا روونمانکردووەتەوە کە ئەوانەی بەرپرسن لە دوژمنکاریی نایاسایی بۆسەر ئۆکراینا، پێویستە بە دادپەروەری بگەیێنرێن. ئەم فەرمانەی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتیش تەنیا دەستپێکێکە لە پڕۆسەی لێپرسینەوە.”
وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش بە هەمان شێوە، پێشوازی لە هەنگاوەکە کرد.
ئەمە جگە لە کاردانەوەی دڵخۆشانەی لایەنی ئۆکرانیا، هەریەکە لە وەزیری دەرەوە و بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئۆکراینا، لەمبارەوە دڵخۆشی خۆیان دەربڕی.