مەزڵوم عەبدی سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدانی هێلیکۆپتەرەکەی هەرێمی کوردستان دەکات
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ هەینی، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، پرسە و ماتەمینی ئاراستەی کەسوکاری ئەو چەکدارانەی دژەتیرۆری هەسەدە کرد، کە لە رێگەی چوونیاندا بۆ هەریمی کوردستان، گیانیان لەدەستدا.
عەبدی لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندووە، “نۆ ئەندامی هێزە تایبەتەکانی دژەتیرۆرمان (YAT) گیانیانلەدەستدا، لەنێویاندا فەرماندە، شەڕڤان کۆبانی هەبوو، لەکاتێکدا بەرەو هەرێمی کوردستان دەڕۆیشتن لە چوارچێوەی بەرنامەی کاری هاوبەش دژ بە داعشدا.”
لە تویتەکەیدا سەرەخۆشی خۆی بۆ کەسوکاری ئەو شەڕڤانانە ناردووە کە گیانیان لەدەستداوە و دەڵێت: “پرسەو سەرەخۆشی لە خۆمان و کەسوکاری شەهیدان و گەلەکەمان دەکەین.”
هێزەکانی سوریای دیموکرات شەهیدبوونی نۆ ئەندامی یەکینەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە نێویاندا فەرماندەی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سەر رێگای شاری سلێمانی راگەیاند، ئەمەش لە چوارچێوەی چالاکییەکی هاوبەشدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و لە دژی داعش.