هەسەدە سێ ئەندامی داعشی لە رەقە دەستگیرکرد

رەقە – نۆرس پرێس

ڕۆژی هەینی، هێزەکانی هاوپەیمانان لە دژی داعش رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتووی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا سێ ئەندامی ڕێکخراوی داعش لە رەقە دەستگیرکران.

لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، هێزەکانی هاوپەیمانان ڕایانگەیاندووە، کە هەسەدە سەرکردایەتی دوو ئۆپەراسیۆنی تاکلایەنەی سەرکەوتووی کردووە بۆ دەستگیرکردنی سێ ئەندامی داعش لە ناوچەی رەقەی باکوری سوریا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کە هەسەدە بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بە پلانێکی سەرکەوتوو توانراوە حسێن خەلیل چالاکوانی ناسراوی داعش و  عەبدولجەبار عیماد سەرۆکی شانەیەکی ئەو ڕێکخراوە و هەروەها غالب نەمر محەمەد کە هاوکارێکی ئەو ڕێکخراوەیە دەستگیربکەن.

کلۆد نیودۆر، کاربەدەستێکی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا و فەرماندەی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان لە شاری رەقە رایگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا دانەبڕاون لە پلاندانان و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە ئاڵۆزەکان لە رەقە  لەپێناو شکست پێهینانی هەمیشەیی داعش.

هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەکان پابەندبوونی خۆیان لەگەڵ هەسەدە نوێکردەوە وەکو هاوبەشێکی سەرکەوتوو لە پێناو سەقامگیری ناوچەکە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: سەعەد یازچی