دەرعا – نۆرس پرێس
رۆژی هەینی دەیان کەس لە دانیشتووانی شاری دەرعا خۆپیشاندانیان لە یادی دوانزەهەمین ساڵیادی شەڕی سوریادا ئەنجامدا، سەرەڕای ئەوەی کە هێزەکانی حکومەت کۆنترۆڵی ناوچەکەی کردبوو.
سەرچاوەیەکی ناوخۆیی بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، دوای ئەنجامدانی نوێژی هەینی بەدەیان کەس لە دانیشتووانی شاری دەرعا لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی شارەکەدا لە ساڵیادی دەستپێکردنی شەڕی سوریادا کە 12 ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکرد، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، خۆپێشاندەران دروشمی “ڕووخانی ڕژێم”یان بەرزکردەوە، و داوای “ئازادی و دادپەروەری و ئازادکردنی ئەو دەستگیرکراوانەیان دەکرد کە ساڵانێکی زۆرە لەنێو زیندانەکانی هێزەکانی حکومەتدان، بەبێ ئەوەی تا ئەم ساتەیش چارەنووسیان ئاشکرابکرێت.
جێی باسە ئەمڕۆ لە شاری دەرعا هێزێکی زۆری ئەمنی کە سەر بە هێزەکانی حکومەت بوون بڵاوەیان پێکرابوو، سەرەڕای ئەو بەربەستە ئەمنییانە بەشێک لە دانیشتووانی شارەکە بۆ خۆپیشاندان لە دژی حکومەتی دیمەشق چوونە دەرەوە و یادی شەڕی سوریایان کردەوە.