پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق رادەستی پەرلەمان كرا

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، باسم عەوادی گوتەبێژی حكوومەتی عێراق، بە میدیای فەرمی دەوڵەتی راگەیاندووە، كە پڕۆژەیاسای بودجەی 2023-2025 رادەستی پەرلەمانی عێراق كراوە.

گوتەبێژی حكوومەتی عێراق روونی كردووەتەوە كە پڕۆژەیاساكە، چەندان مادەی و بڕگەی نوێ لە خۆ دەگرێت كە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و گەشەپێدان و باشتركردنی ژێرخان بۆ هاووڵاتییان گرنگن.

لە دوای پێنج مانگ لە ئامادەكاری پڕۆژەیاسای بودجە 2023، رۆژی 13ی ئادار ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پڕۆژەیاسای بودجەی بۆ ساڵەكانی 2023 تا 2025 پەسند كرد، قەبارەی بودجە نزیكە لە 200 ترلیۆن دینار، نرخی نەوت بە 70 دۆلار دیاری كراوە، بەپێی گوتەی نوێ عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی، نزیكەی 60 ترلیۆن دینار كورتهێنانە.

هاوكات پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاساكەدا بە 12.67 جێگیر كراوە، تا ئەوكاتەی سەرژمێری لە عێراق دەكرێ.