هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، سزای سێدارەی لانی کەم 6 بەندکراوی کورد بە ناوەکانی (فرووهەر عەباس نژاد، محەممەد ئەیووبیان، جەهانبەخش ڕادلوویی، حەسەن عومەری، نەسیم نیازی و یاسین ڕەشیدی) لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێکراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، سزای سێدارەی لانی کەم پێنج بەندکراوی خەڵکی ورمێ بە ناوەکانی (فرووهەر عەباسی نژاد، تەمەن 40 ساڵ، محەممەد ئەیووبیان تەمەن 37 ساڵ، جەهانبەخش ڕادلویی، حەسەن عومەری و یاسین رەشیدی) کە پێشتر لە پەیوەندی لەگەڵ تاوانە پەیوەندیدارەکان بە مادەی هۆشبەر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە “دەریا” جێبەجێکراوە.
رێکخراوەکە رایگەیاندووە کە بەندکراوێکی دیکەش بە ناوی “نەسرین نیازی (نەسیم) کە لەبەندی ژنانەوە بۆ بەندی تاکەکەسی گواسترابووەوە، بڕیاری لەسێدارەدانی جێبەجێکراوە، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆسیەی ناوبراو و تۆمەتە سەپێندراوەکان بەسەریدا لەبەردەستدا نییە، بەڵام وەک لە راگەێنراوەکەدا هاتووە، “هەندێک سەرچاوە لە بەندی ژنانەوە بە هەنگاویان راگەیاندووە کە ئەو ژنە بە تۆمەتی سیخوری بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، بەڵام هەنگاو هەتا ئێستا ناتوانێ ئەو زانیاریانە پشڕاست بکاتەوە.”